یاسای توندوتیژی خێزانی
یاساى بەرەنگاربونەوەى توندو تیژى خێزانی لە هەرێمى کوردستان – عێراق

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق


بەناوی گەلەوە

پەرلەمانی كوردستان-عێراق

پشت بەست بەحوكمی بڕگەی (1) لەماددەی (56)لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەمواركراو ولەسەر ئەوەی ژمارەی یاسایی لە ئەندامانی پەرلەمان خستیانە ڕوو ،پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە دانیشتنی ئاسا یی گرێدراوی ژمارە (28) لە مێژووی 21/6/2011 بڕیاری دەركردنی ئەم یاسایەی خوارەوەی دا:

 یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان - عێراق

یاسای ژمارە(8)ی ساڵی 2011

ماددەی یەكەم:

مەبەست لەم زاراوانەی خوارەوە واتاكانی بەرانبەریانە بۆ مەبەستەكانی ئەم یاسایە:

یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان-عێراق

دووهەم: خێزان: كۆمەڵە كەسێكی سروشتین پەیوەندی هاوسەرگیری یان خزمایەتی پێكەوە دەیانبەستێتەوە تاكو پلە چوار‌و هەر كەسێك لەوانەی بەیاسا خراوەتە پاڵ خێزان.

سێهەم: توندوتیژی خێزانی: هەموو كردارێك یان وتەیەك یان هەڕەشەكردن پێیان لەسەر بنچینەی جۆری كۆمەڵایەتی لەچوارچێوەی پەیوەندیە خێزانیەكاندا كە بنیات نراوە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری‌و خزمایەتی تاكو پلە چوار وئەوەی خراوەتە پاڵ خێزان بە یاسا كەئەشێت زیان بگەیەنێت لەڕووی جەستەیی‌و سێكسی‌و دەروونی‌و داماڵینی مافەكان‌و ئازادیەكان

چوارەم: دادگا: دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.

ماددەی دووهەم:

یەكەم: قەدەغە دەكرێت لەسەر هەركەسێك كە وابەستەی پەیوەندی خێزانی بێت توندوتیژی خێزانی ئەنجام بدات لەوانەش توندوتیژی جەستەیی‌و سێكسی‌و دەرونی لە چوارچێوەی خێزان،‌و ئەم كردارانەی لای خوارەوە وەك نمونە بە توندوتیژی خێزانی دادەنرێت:-

1-    زۆر لێكردن لە هاوسەرگیری.

 2 -هاوسەرگیری ژن بە ژن‌و بە شوودانی بچووك.

3- بەشوودان لە بری خوێن.

4-تەڵاقدانی بە زۆر.

5-بڕینی پەیوەندی خزمایەتی.

6-زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی لەسەر لەشفرۆشی‌و داوێن پیسی كردنە پیشە.

7-خەتەنەكردنی مێینە.

8-ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ‌ ڕەزامەندی خۆیان.

9-ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردن‌و دەرۆزە كردن‌و وازهێنان لە خوێندن.

10-خۆكوشتن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.

11-لەبار بردن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.

12-لێدانی تاكەكانی خێزان‌و مناڵان بەهەر بیانوویەك.

13-ڕیسواكردن‌و جنێودان‌و جنێودان بە كەس‌و كار وبەرەو ڕوو تەماشاكردنیان بەكەم‌و ئازاردان‌و پیادەكردنی گوشاری دەروونی لەسەری‌و پێشێل كردنی مافەكانی‌و بەزۆر سەرجێی كردنی هاوسەریەتی.

دووهەم: زیان لێكەوتوو لە توندوتیژی خێزانی دەستەبەریەكانی پاراستنی لە توندوتیژی هەیە.

سێهەم:

1- داوا دەجووڵێنرێت لەكێشەكانی توندوتیژی خێزانی لە لایەن زیان لێكەوتوو یان ئەوەی بەپێی یاسا لە جێگای ئەو هەڵدەستێت بە هەواڵدان كە پێشكەش دەكرێت بە دادگا یان لێكۆلەرەوە یان بەرپرسی بنكەی پۆلیس یان داواكاری گشتی.

2- بۆ كارمەندان لە بواری تەندروستی‌و پەروەردە‌و بنكە فەرمییەكان هەیە هەواڵ بدەن بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی.

چوارەم: كارڕاییەكانی لێكۆلینەوە‌و دادگایی كردن لە كێشە كانی توندوتیژی خێزانی بە نهێنی دەبێت.


ماددەی سێهەم:

یەكەم: دادگایەكی تایبەت مەند بە كێشەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پێك دەهێنرێت بە پێی (یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم) ژمارە (23)ی ساڵی 2007.

دووهەم: لەسەر وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیە لە هەرێم بنكەی داڵدەدان بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزان دابین بكات.

سێهەم: كێشەكانی توندوتیژی خێزانی خزمەتگوزاریەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

چوارەم: لەسەر وەزارەتی تەندروستیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی چاودێری تەندروستی دەستەبەر بكەن‌و دووبارە شیاندن بكەنەوە بۆ زیان لێكەوتوو لە توندوتیژی خێزانی.

پێنجەم: بەریوەبەرایەتی گشتی نە هێشتنی توندوتیژی دژ بەئافرەت لە وەزارەتی ناوخۆ تایبەت مەند دەبێت بە بە دواداچوونی كێشەكانی توندوتیژی خێزانی.

شەشەم: لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە بەشێكی تایبەت دروست بكات لە بواری پۆلیس پێكهاتەكەی بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە پۆلیسی ئافرەت بێت بۆ هەڵس‌و كەوت كردن لە كێشەكانی توندوتیژی خێزانی.

حەوتەم: لەسەر وەزارەت‌و دەستە فەرمییە تایبەت مەندەكانە برەو بدەن بە ڕۆشنبیری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.


ماددەی چوارەم:

یەكەم: دادگای تایبەت مەند فەرمانی پاراستن دەردەكات لەكاتی پێویست یان لەسەر داوای هەرتاكێك لە تاكەكانی خێزان یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەكات وەك كارڕاییەكی كاتی بۆپاراستنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی كە دەبێت فەرمانەكە ماوەی پاراستن لەخۆ بگرێت,‌و بۆی هەیە درێژی بكاتەوە هەر كاتێك پێویستی كرد.

دووهەم: بۆ داواكاری پاراستن هەیە واز بهێنێت لەم كارە لەسەر بنەمای پێشهاتەكان ولەسەر دادگا یە جەخت بكاتەوە لەوەی كە داوای هەڵوەشاندنەوەكە بە ئارەزوو پێشكەش كراوە‌و ئەوە لەبەرژەوەندی زیان لێكەوتووە.

سێهەم: فەرمانی پاراستن ئەمانە لە خۆدەگرێت:

1 - بەڵێن نامە لەسكاڵا لێكراو بە دەست درێژی نەكردنە سەر زیان لێكەوتوو یان هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزان.

2- گواستنەوەی قوربانی بۆ نزیكترین نەخۆشخانە یان بنكەی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی لە كاتی پێویست یان ئەگەر قوربانیەكە داوای ئەوەی كرد.

3- ڕێگا نەدان بەسكاڵا لێكراو بۆ چوونە ناوماڵی خێزانی بە بڕیاری دادگا بۆ ئەو ماوەییەی كە بەباشی ئەزانێت لە حاڵەتی بوونی مەترسی لەسەر سكاڵا لێكراو یان هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزان.

چوارەم: لە حاڵەتی پێشێل كردنی فەرمانی پاراستن سەرپێچی كار سزا ئەدرێت بە حپسكردن ماوەیەك لە (48) كاتژمێر زیاتر نەبێت یان بە بژاردن لە (300,000)سێ‌ سەدهەزار دینار كەمتر نەبێت.


ماددەی پێنجەم:

لەسەر دادگایە لایەنەكانی سكاڵا ئاراستەی لێژنە بكات كەپێك دێت لە شارەزا‌و پسپۆران بۆ چاكسازی نێوانیان پێش ئاراستەكردنی كێشەكە بۆ دادگای تایبەت مەند‌و هەروەها لەو كێشانەی كە دەكرێت ئاشتەوایان تێدا بكرێت بەڵام كاریگەری نەكاتە سەر كارڕاییەكانی پاراستن كەلەم یاسایەدا هاتووە.


ماددەی شەشەم:

لەگەڵ بەجێ‌ هێنانی هەر سزایەكی توندتر كە بەدەق لەیاساكانی بەركار لەهەرێمدا هاتووە:

یەكەم: سزا ئەدرێت بە بژاردن كەمتر نەبێت لە (1000,000) یەك ملیون دینار‌و زیاتر نەبێت لە (5000,000) پێنج ملیون دینار هەركەسێك هانی ئەنجامدانی كردەوەی خەتەنەی مێینە بدات.

دووهەم: سزا ئەدرێت بە حەپسكردن ماوەیەك كەمتر نەبێت لە (6) شەش مانگ‌و زیاتر نەبێت لە (2) دوو ساڵ وبەبژاردن كەمترنەبێت لە (2000,000) دوو ملیون دینار وزیاتر نەبێت لە (5000,000) پێنج ملیون دینار یان بەیەكێك لەم دوو سزایە هەركەسێك هەڵسێت بەئەنجامدان یان هاوبەش بێت لە كردەوەی خەتەنەی مێینە.

سێهەم: سزا ئەدرێت بەحەپسكردن ماوەیەك كەمتر نەبێت لە (1) یەك ساڵ‌و زیاتر نەبێت لە (3) سێ‌ ساڵ وبەبژاردن كەمتر نەبێت لە (5000,000)پێنج ملیون دینار‌و زیاتر نەبێت لە (10,000,000) دە ملیون دینار یان بەیەكێك لەم دوو سزایە هەركەسێك هەڵسێت بەئەنجامدان یان هاوبەش بێت لەكردەوەی خەتەنەی مێینە ئەگەر هاتوو ناكام بوو.

چوارەم: بەبارودۆخی توندكردن دادەنرێت بۆ تاوانكار ئەگەر هاتوو بكەر پزیشك یان دەرمانساز یان كیمیاگەر یان مامان یان یەكێك لە یاریدەدەرەكانیان بوون ولەسەر دادگایە فەرمان بدات بە قەدەغەكردنی پەیڕەوكردنی پیشەكەی یان كارەكەی ماوەیەك زیاتر نەبێت لەسێ‌ ساڵ.


ماددەی حەوتەم:

لەگەڵ بەجێ‌ هێنانی هەر سزایەكی توندتر كە بەدەق لە یاساكانی بەركار لە هەرێمی كوردستان هاتووە:

 سزا ئەدرێت بە حپسكردن ماوەیەك كەمتر نەبێت لە شەش مانگ‌و زیاتر نەبێت لە سێ‌ ساڵ‌و بە بژاردن كەمتر نەبێت لەیەك ملیون دینار وزیاتر نەبێت لەپێنج ملیون دینار یان بە یەكێك لەم دوو سزایە هەركەسێك توندوتیژیەكی خێزانی ئەنجام بدات.


ماددەی هەشتەم:

حوكمەكانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969 هەمواركراو‌و یاسای بنەماكانی دادگایكردنی سزایی ژمارە (23) ی سالی 1971 هەمواركراو‌و یاسای هەمواركردنی جێبەجێ‌ كردنی یاسای باری كەسیەتی ژمارە (15) ی ساڵی 2008‌و یاساكانی تری بەركار لە هەرێم جێبەجێ‌ دەكرێت ئەگەر هاتوو دەقی لەسەر نەهاتبوو لەم یاسایە.


ماددەی نۆیەم:

لەسەر ئەنجومەنی وەزیران‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانە حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ‌ بكەن.


ماددەی دەیەم:

 ئەم یاسایە جێبەجێ‌ دەكرێت گوزارشت لەمێژووی بڵاو كردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان )


 محمد قادر عبدالله

(د.كەمال كركوكی)

 سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 

9481 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/30/2017 12:47:04 PM
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
Copyright. All Rights Reserved.
Top